دوای 35 ساڵ چاوەڕوانی، مانگی رابردوو محەممەد و مروەت چوونە نێو قەفەزی زێڕینی هاوسەرگیری، ئەو دوو ئەڤیندارە ئێستا لە خانووێکی بچکۆڵانەدا لە شارۆچکەی قەڵادزێ مانگی هەنگوینی بەڕێدەکەن.
ئەو دوو ئەڤیندارە (محەممەد ئەحمەدی تەمەن 59 ساڵ و مروەت عەباسی تەمەن 50 ساڵ)، 35 ساڵ لەمەوبەر بەڵێنی “بۆ یەکبوون، یان هاوسەرگیری نەکردن”یان بە یەکتر دابوو، بەدرێژایی ئەو ماوەیە کەسوکاریان رێگربوون ئەو دوو ئەڤیندارە بەیەکتر بگەن.
محەممەد، کە لەنێو خەڵکی ناوچەکە و خزمانی بە “حاجی ئایشە رەشێ” ناسراوە، چیرۆکی ئەڤینداربوونی خۆی بۆ (رووداو) باسکرد و گوتی “ماڵی مروەت لە گوندی بەستەستێن بوو لە ناحیەی سەنگەسەر و بەسەردان هاتبووە قەڵادزێ، دایکی کچە خاڵمە و کاتێک گەڕایەوە دایکم گوتی دەبێ لەگەڵی بڕۆیەوە، لە رێگا قسەمان کرد و کەوتینە داوی ئەڤینداری یەکتر و رازیم کرد شووم پێبکات”.
محەممەد زوو زوو لە قەڵادزێوە چووەتە بەستەستێن بۆ دیدەنی خۆشەویستەکەی، دوای چوار ساڵ محەممەد دەچێتە خوازبێنی مروەت، بەڵام کەسوکاری لەبەرامبەر ئەو خوازبێنییە داوای 3 کچی بچووک دەکەن “هەرچەندە خزمەکان گوتیان رازین، بەڵام من رازینەبووم، کە ئەو کچانە ببنە قوربانی، جارێکیتریش داوامکردەوە دایکی هەر رازینەبوو”.
22 ساڵ لەمەوبەر ماڵی مروەت دەچنە ئێران و لە گوندی میراوەی سەر بە قەزای سەردەشت نیشتەجێدەبن، بەڵام ئەو دوورییە هیچ لە خۆشەویستی نێوان ئەو دوو ئەڤیندارە کەم ناکاتەوە و بگرە لە جاران زیاتر یەکتریان خۆشدەوێ، محەممەد دەڵێ “لەو ماوەیەدا هەمیشە هەواڵمان لەسەر یەکتر دەپرسی و ئاگامان لەیەکتربوو، کاتێک مروەت بەسەردان دەهاتەوە بە تەلەفۆن قسەمان لەگەڵ یەکتر دەکرد”.
دوای 35 ساڵ پەیوەندی نێوانیان، محەممەد جارێکی دیکە دەچێتەوە خوازبێنی مروەت “ئەمجارە کەسوکارەکەی رازیبوون، هەر لە ئێران لەلای مەلایەک مارەمکرد و هێنامەوە قەڵادزێ لە دادگا گرێبەستی هاوسەرگیریمان کرد”، گوتیشی “لەسەر 101 مسقاڵ زێڕ مارەم کردووە، بەڵام 11 مسقاڵ زێڕم بۆ کردووەو 90 مسقاڵی قەرزارم”.
مروەت عەباس، بەشەرمەوە دەڵێ “هەرچەندە لە محەممەد دووربووم، بەڵام دەمزانی ژنی نەهێناوەو هەر بە تەمای منە، بۆیە هەر کەسێک دەهاتە خوازبێنیم بە بیانوویەک رەتمدەکردەوە، ئێمە بەڵێنمان بە یەکتر دابوو”.
دوای مارەکردنیشی مروەت 3 کاژێر بە قاچاخە رێدا، سنووری دەستکردی نێوان دەوڵەتی ئێران و عێراقی بڕیوە، تاوەکو گەیشتووەتە محەممەد، ئێستا لە خانووێکی بچووکدا کە لە دوو ژوور پێکهاتووە دەژین، ئەوان دەڵێن “دوای 35 ساڵ، رۆژ لەدوای رۆژ خۆشەویستیمان زیاد دەکات و نوێدەبێتەوە، لە خۆشیان هەموو تاڵییەکانی رابردوومان بیرچووەتەوە”.
محەممەد دەڵێ چەندجارێک پێشنیازیان بۆ کردووە کە مروەت هەڵبگرێ، بەڵام ئەو رەتیکردووەتەوە “چونکە دڵنیابووم رۆژێک دێت هەر بە یەکتر دەگەین”، مروەتیش بەهەمانشێوە دەڵێ “خەڵک گوتیان رەدووی بکەوە، لە سەرەتای گەنجێتیم کە داوای کردبا لەگەڵی دەڕۆیشتم، بەڵام دواتر پەشیمان بوومەوە”.
هەرچەندە کەسوکاریان بۆ دروستکردنی ماڵەکەیان هاوکارییان کردوون، بەڵام وەرزی گەرما نزیکبووەتەوەو هیچ ئامێرێکی هاوینەیان نییە، محەممەدیش مووچەیەکی مانگانەی هەیە، کە تەنیا 75 هەزار دینارەو تاقەتی کارکردنیشی نەماوە، بۆیە داوادەکات حکومەت ئاوڕیان لێبداتەوە.
سەبارەت بە زەماوەندیشیان، دەڵێن “ئاهەنگمان نەگێڕا، تەنیا خزمە نزیکەکانمان هاتن و هەندێ وێنەمان گرتن، لەلایەک تەمەنمان و لەلایەکیش لایەنی دارایی گرفتبوون بۆ ئاهەنگ گێڕان، ئەگەرنا حەزمان دەکرد ئاهەنگ بگێڕین”.
بەهۆی هەڵکشانی تەمەنیان پێناچێ، هیچ ئومێدێکی منداڵبوون لەلای ئەو دوو ئەڤیندارە مابێت، بەڵام ئەوان خۆزگە دەخوازن خوا منداڵیان پێبدات و دەڵێن “ئەگەر کچمان ببێ رێگەی لێناگرین و دەبێ بە ئارەزووی خۆی
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر