گۆڕینی قهبارهی نوسین:
ماشاڵلا دەكاك
رووداو- ئامەد
هەرچەندە د.ئیسماعیل بێشكچی ، لێكۆلەر و كۆمەڵناس، رایگەیاندبوو "تاوەكو دەوڵەتی كوردستان دروستنەبێ و كورد یەكێتیی خۆیان دروستنەكەن، ناچمە كوردستان"، بەڵام بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست (رووداو) كەوتوون، رۆژی 10/10/2012 بێشكچی دەگاتە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان. لەماوەی سەردانەكەشیدا لەگەڵ هەریەكە لە مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، جەلال تاڵەبانی، سەرۆك كۆماری عێراق و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی كوردستان كۆدەبێتەوە.
ئیسماعیل بێشكچی، كە بەهۆی لێكدانەوە زانستییەكانی و كتێبەكانی لەسەر بوونی كورد و كوردستان و داگیركرانی لەلایەن توركیا و پشتیوانیكردنی لە سەربەخۆیی كوردستان، 17 ساڵی تەمەنی لە گرتووخانەكانی توركیادا بەسەربرد، بەنیازە سەردانەكەی بە هاوڕێیەتی ئیبراهیم گوربوز، سەرۆكی دەزگای ئیسماعیل بێشكچی، ئەنجامبدات.
ئەو كۆمەڵناسە بە رەچەڵەك توركە، پێشتر چەند جارێك لەلایەن بەرپرسانی هەرێمی كوردستانەوە بۆ باشووری كوردستان بانگهێشتكراوە، بەڵام هەموو جار بەشێوەیەك ئەو سەردانەی رەتكردووەتەوە، مەرجی ئەوەی هەبووە كە دەوڵەتی كوردستان دروستبووبێ یان كورد یەكێتییەكی تەواوەتییان لەنێوان خۆیاندا دروستكردبێت. پێدەچێ ئێستا بێشكچی گەیشتبێتە سەر ئەو بڕوایەی كە كوردی باشوور بەشێوەیەكی پراكتیكی دەوڵەتن و یەكێتییەكی نێوخۆییشیان دروستكردووە. هەروەها ئەو یەكڕیزییە رێژەییەی لەنێو كوردانی رۆژئاوای كوردستانیشدا هەیە، وایكردووە دیدی بێشكچی بگۆڕێت، بۆیە بڕیاریداوە سەردانی هەرێمی كوردستان بكات.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەلایەن ئیسماعیل بێشكچی و ئیبراهیم گوربوزەوە دراونەتە (رووداو)، "ئەگەر هیچ روونەدات و پلانەكان نەگۆڕدرێن"، بڕیارە بێشكچی لەگەڵ هەریەكە لە جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری عێراق ، مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەرسەلان بایز سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و كاوە مەحموود وەزیری رۆشنبیری كۆببێتەوە. هەروەها سەردانی دەزگای خێرخوازی بارزانیش دەكات.
ئامانجی سەردانەكەش ئامادەكارییە بۆ كردنەوەی دەزگای ئیسماعیل بێشكچی لە باشووری كوردستان.
هەفتەی رابردووش د.ئیسماعیل بێشكچی پاش 38 ساڵ، سەرلەنوێ سەردانی شاری ئامەد(دیاربەكر)ی كرد لە باكووری كوردستان. ئەو لەوێ وتارێكی پێشكەشكرد و گوتی "خۆشحاڵم كە هاتوومەتە ئامەد. خۆشحاڵیشم كە هاتوومەتە كوردستان. تاوەكو ساڵی 1971، زۆرجاران دەهاتمە ئێرە . هەر لێرەش لە گرتووخانەیەكی سەربازیدا زیندانیكرام . ساڵی 1974، كەوتمە بە لێبووردنی گشتی ئازادیان كردم. لەوكاتە بەدواوە نەمتوانی بێمەوە ئێرە، بەڵام مرۆڤ دەتوانێ ئەوەی بە جەستە دەیەوێ بیبینێ و ناتوانێ بە دڵیش ببینێت".
بێشكچی دەربارەی دەزگاكەشی، كە ساڵی رابردوو بەپشتیوانی چەند سەرمایەدارێكی كورد لە توركیا دامەزرا، دەیەوێ لقێكی لێ بهێنێتە هەولێر، گوتی "دەزگای ئێمە دەیەوێ توێژەران بتوانن توێژینەوەی باش لەسەر كورد بكەن. لەدوای كارەكانی دەزگاكەمان، كورد پرسیاری نوێیان بۆ دروستدەبن، توێژینەوەی تازە دەكەن و قووڵتردەبنەوە".
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر