ئەم ژنانە جەنگ لەدژی داعش دەکەن
ئەم ژنانە جەنگ لەدژی داعش دەکەن
ئیسلامییەکان دەیانەوێت ئێمە بۆ چاخە بەردینەکان بگەڕێننەوە
راپۆرتی ئەلعەرەبییە
بۆ کوردی: رەزا مەنوچەهری
پەیامنێری ئەلعەرەبیە راپۆرتێکی لەبارەی ئەو ژنانەوە ئامادە کردوە، کە لە "یەکینەکانی پاراستنی گەل" یەپەگە لە کوبانی لەدژی داعش دەجەنگن.
سوپایەک لە لایەن کوردەکانی سوریاوە دامەزراوە، کە بە "یەکینەکانی پاراستنی گەل" دەناسرێت. لەمڕۆژانەشدا لەگەڵ گروپی جیهادیی داعشدا لە جەنگدایە. زۆربەی ژنانی کوردیش لە ناو ئەو گروپە چەکدارە سەربازییەدان.
لەساڵی (٢٠١٢)ەوە سوپای سوریا هیچجۆرە دەستێوەردان و کاریگەرییەکی لە ناوچە کوردنشینەکانی سوریا لە باکوری ئەو وڵاتەدا نییە. ئەو ناوچەیە بووەتە ناوەندی پێکدادانی نێوان "یەکینەکانی پاراستنی گەل" و داعشەکان. ئەو پێکدادانانە بەرادەیەک قورس و دژوارن، کە زۆربەی ژنانی کوردیش هاتونەتە مەیدانی جەنگ لە دژی داعش. ژنان نزیکەی (٤٠%)ی ئەو گروپە چەکدارە پێکدەهێنن. ئاماژە بەوەش دەکرێت بەگشتی هێزەکانی یەپەگە لە (٤٠) هەزار سەرباز پێکهاتون.
حەمید مەسعود رۆژنامەنووسێکە و لەماوەی مانگی رابردودا (١٠) رۆژ لە گۆڕەپانی جەنگی کوبانیدا لەگەڵ یەکینەکانی ژناندا بووە. حەمید دەڵێت: رۆیشتم بۆ کەمپی "یەکینەکانی پاراستنی گەل" لە ناوچەی خراب ئەلبنات. هەر دەستەیەک نزیکەی (٣٠) کەس دەبن. هەندێک دەستە پێکهاتون لە ژنان. هەندێک دەستەش لەپیاوان. هەروەها هەندێک دەستەش پێکهاتوە لە هێزی هاوبەشی ژنان و پیاوان.
ژیان یەکێک لە فەرماندە کوردەکانی یەکێک لە دەستەکانە و پێی وتم: "ئێمە ئەم جەنگەمان ناو ناوە جەنگی دەروازە. (ئاماژەیەکە بە دەروازە سنووریەکانی تورکیا لە نزیک کوبانی). سەدان چەکداری ئیسلامی لەم دەروازەیەوە هاتونەتە کوبانی. ئێمەش بەشداریی جەنگمان کردوە و پاشەکشەمان نەکردوە. تا ئێستا بەرگەمان گرتوە. لەبەر ئەوەی سەربازی پرۆفیشناڵ نین ئاسۆی سەرکەوتنمان دیار نییە، بەڵام هەر چۆنێک بێت تا ئێستا خۆڕاگریمان کردوە".
حەمید باسی ئەوە دەکات چەند رۆژ لەگەڵ دەستەیەک لە ژناندا، کە لەجەنگی راستەوخۆ لەگەڵ جیهادییەکاندا بوون ژیاوە. سەرباری بارگرژیی دۆخەکە ژنە چەکدارەکان هەوڵیاندەدا ناوە ناوە دەست بکەن بە شای و هەڵپەڕکێ و هەندێک خۆیان لە ناو ئەو دۆخەی جەنگدا سەرقاڵ بکەن. ئەوان گۆرانی و سرود دەچڕن، یان باس لە بیرەوەرییەکانیان لە بارەی هەڤاڵە کوژراوەکانیانەوە دەکەن.
شەوێک هەندێک روناکاییمان لە سەنگەری جیهادییەکاندا بەدی کرد. من زۆر ترسابووم و پرسیارم لە یەکینەی ژنان کرد، کە ئاخۆ ئەو جیهادییانە دەیانەوێت هێرش بکەنە سەرمان؟ بیرولات یەکێک لە ژنە فەرماندەکان پێی وتم: "ئەگەری ئەوە هەیە هێرش بکەنە سەرمان. ئێمە ئاگاداری ئەوەین جیهادییەکان دوێنی چەکداری تازەیان گەیشتوەتە لا، بەڵام سەرباری ئەوەش ئێمە ئامادەین. ئێمە بڕوامان بە خۆمان هەیە. ئێمە تەنها دەمانەوێت بەرگری لە خۆمان بکەین. ئێمە تەنها بۆ بەرگریکردن لە ژیان و گیانی کەس وکار و منداڵەکانمان جەنگ دەکەین و ئەوان دەکوژین".
رووناکاییەکان کوژانەوە، بەڵام وا دیار بوو ژنە چەکدارەکان نیگەران نەبوون. ئەو ژنانە منیان برد، کە سورێک بە ناوچەکەدا لێ بدەین. سەلیم فەرماندەی ناوچەکە وتی ئاگاتان لە خۆتان بێت، چونکە ناوچەکە ئارام نییە. ئەو رۆژنامەنووسە لێرە دور بخەنەوە. بەڵام بەرپرسی ئەو دەستەیە، کە لەوێ بوو وتی: "فەرماندە سەلیم خۆتان نیگەران مەکەن ئێمە زۆر ئاگامان لێیەتی".
یەکینەکانی پاراستنی گەل یەپەگە رۆژگەلیکی زۆر درێژ و قورسیان لەبەردەمدایە. رسیار تەمەن (٢٥) ساڵ و بەرپرسی یەکێک لە دەستەکان، کە خوێندکاری پەیمانگای هونەرە جوانەکان بوو پێی وتم: "ئێمە کاتی زۆرمان لەبەردەستدا نییە. هەمیشە سەرقاڵی جەنگین، بەڵام هەر ئەوەندەی کات بەدەست بهێنین خۆمان سەرقاڵ دەکەین بە کاری ئایدۆلۆژی و فیکرییەوە. کۆبوونەوە لەبارەی رۆشنبیری و مێژووی کوردەکانەوە ئەنجام دەدەین. ئێمە بۆ حومس (ناوچە عەرەبیەکانی سوریا) شەڕ ناکەین. بەڵام باڵادەستیی هێزەکانی دیکە لە ناوچەکەی خۆماندا قبوڵ ناکەین. ئەوەی دەیەوێت بێتە ناوچەکەمانەوە دەبێت باجەکەشی بدات".
سەرەتا من حەزم نەدەکرد پرسیاری تایبەت لە بارەی ژیانیانەوە و لەبارەی هاوسەرگیری و... هتد بکەم. پرسیاری وەک ئەوەی بۆ نمونە رۆژێک دێت هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێکدا بکەن، کە لەسەنگەرێکی دیکەدا دەجەنگێت؟
شلین یەکێک لە چەکدارەکان لەو بارەیەوە پێی وتم: "ئێمە ئەوەمان هەڵبژاردوە تاوکو بۆ ئازادیی ژنان بمرین. ئێمە ئاواتی پێکهێنانی خێزانمان نییە، کەواتە لە هەر ساتێکدا ئامادەین بۆ مردن. ئێمە هەوڵ دەدەین مێشک و زەینی ژنان ئامادە بکەین تاوەکو پیاوسالاری و سەرکوت قبوڵ نەکەن".
بێریتان دەنگێکی زۆر خۆشی هەبوو و عاشقی چڕینی گۆرانی وسرود بوو. پرسیارم لێکرد باشە ئەوە چۆنە تۆ لە لایەک دەتوانێت بەو جوانییە گۆرانی بچڕیت و لە لایەکیتریشەوە پەنجە لەسەر پەلەپیتکەی چەک دابنێیت و تەقە بکەیت. پێی وتم: "چڕینی گۆرانی من دەخاتەوە یادی هەڤاڵانی گیان بەختکردوم. ئەوان لەگەڵ من لە یەک سەنگەردا بوون. من ناچار بووم چەک هەڵبگرم، چونکە ئیسلامییەکان دەیانەوێت ئێمە بۆ سەردەمی چاخە بەردینەکان بگەڕێننەوە و ژنان کۆیلە بکەن".
چەند رۆژ لەدوای دەرچوونی من لەو ناوچەیە بەشێک لەو ژنانە، کە من چاوپێکەوتنم لەگەڵیان کردبوو، بۆ نمونە بێریتان و بیرولات لە کەمینێکی داعشەکاندا کوژرابوون.
سەرچاو:
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر