۱۳۹۴ اردیبهشت ۲۸, دوشنبه

سەرۆكی پەرلەمانی دانیمارك: دەبێت هەوڵی بە پەلە بدرێ بۆ رزگاركردنی ژنە کوردە ڕفێنراوەکانی لای داعش





سەرۆكی دەستنیشانكراو بۆ كۆبوونەوەی داهاتووی نەتەوە یەكگرتووەكان داوای هەوڵی بەپەلە دەكات بۆ رزگاركردنی ئەو کچ و ژنە كوردانەی كەوتوونەتە دەستی تیرۆریستانی ڕێکخراوی ئیسلامی داعش و پاش سەربڕینی باوک و براو پیاوەکانیان ڕفاندونیا.
مۆجێنز لیكێتۆف، پەرلەمانتاری دانیماركی كە وەك سەرۆكی داهاتووی كۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان دەستنیشانكراوە، دەڵێ هەوڵی جدی بۆ دۆزینەوە و گەڕانەوەی هەزاران ژنی كورد كە لەلایەن داعشەوە رفێنراون، پێویستە.
"بەكارهێنانی ژنانی دەستگیركراو لەلایەن داعشەوە وەكو كۆیلە كارێكی بەربەریانەی نائەخلاقییە". لیكێتۆف كە پێشتر وەزیر بووە لە حكومەتی دانیماركدا و ئێستا سەرۆكی پەرلەمانی ئەو وڵاتەیە، وایگوت.
ئەو دەڵێت "پێویستە هەموو رێگایەك بگرینەبەر و هەموو هەوڵێك بخەینەگەڕ لەپێناوی راگرتنی ئەو بەربەریەتە".
مانگی ئابی رابردوو، چەكدارانی تیرۆریستی ڕێکخراوی ئیسلامی داعش بەهاوکاری مەعسعود بارزانی ناپاک و تاوانکارو سەرانی حیزبەکانی ڕژێمەکەی هێرشیان كردە سەر شنگال و دەوروبەری و لەبەرامبەر کڕینی نەوت لێیان شەنگالیان پێ فرۆشتن و زیاتر لە 5 هەزار کچ و ژن و هەزاران منداڵی کوردی ئێزدیان کردە دیاری تیرۆریستانی ئەو رێكخراوەو زۆربەی پیاوەكانیان بەسەربڕیندا. تاوەكو ئێستاش هەزاران کچ و ژنی کوردی شەنگال لەدەستی ئەو تیرۆریستانەدا ماون كە هەندێكیان بەگوێرەی بەڵگەكان وەكو كۆیلە و دەستكەوتی شەڕ لە بازاڕی كۆیلەفرۆشیدا فرۆشران بە عەرەبە موسوڵمانە دەوڵەمەندەكان و هەندێكیشیان بەزۆرەملێ لە چەكدارە توندڕەوەكان مارە كراون.
مۆجێنز لیكێتۆف گوتی‌ دەبێت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوا لە وڵاتە عەرەبییەكان بكات بۆ گەڕان بەدوای ئەو كچانەدا ''پێویستە داوای بەپەلە لەو وڵاتانە بكرێت لە چارەسەركردنی كێشەی ئەو ژنانە و دڵنیایی بدەن لە گەڕانەوەی ئەو ژنانە بۆ ناو كەسوكاریان".
لیكێتۆف لەم هەوڵەیدا لەلایەن پێر ستیگ مۆلەر، وەزیری دەرەوەی پێشتر و بەرپرسی كۆمیتەی كاروبارەكانی دەرەوەی پەرلەمان و چەند پەرلەمانتارێكەوە پشتگیری لێدەكرێت.
مۆلەر گوتی ''دەبێت هەمان شت بكەین كە سوید كردوویەتی.'' مانگی تشرینی یەكەمی رابردوو، پەرلەمانتارانی سویدی رایانگەیاند كە دەستپێشخەری دەكەن بۆ هاندانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ دۆزینەوە و پاراستنی ئەو ژنانەی كەوتوونەتە دەست چەكدارانی داعش، لەگەڵ ئەوانەی ئاوارە بوون بەهۆی جەنگی سووریا و عێراقەوە.
دێسێری پێسرۆس، پەرلەمانتار لە پارتی دیموكراتی مەسیحی سوید، لەگەڵ هەشت پەرلەمانتاری دیكەی سویدی داوایان لە وەزیری دەرەوەی سوید مارگۆت واڵسترۆم كرد كە فشار بخاتە سەر نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ لێكۆڵینەوە و دۆزینەوەی ئەو ژنانەی بێ سەروشوێن بوون لە شەڕی عێراق و سووریادا.
بۆ رێگریكردن لە جینۆسایدی زیاتر و دەستدرێژی بۆ سەر ژنان و رفاندنیان و بەكارهێنانیان وەك كۆیلە بۆ كاری سێكسی و فرۆشتنیان لە بازاڕدا بۆ سێكس، دەبێت بەر بە شەڕی ناوخۆی سووریا و داعش بگیرێت. دەبێت حكومەتی سوید بەشێك لەو بەرپرسیارێتییە لە ئەستۆ بگرێت" پەرلەمانتارەكان لە نامەیەكدا بۆ وەزیری دەرەوەی سوید ئەمەیان نووسیبوو.
یڵدز ئەكدۆكان كە پەرلەمانتارێكی دانیماركی بە رەچەڵەك كوردی باكووری كوردستانە، لە هەوڵی ئامادەكردنی سەمینارێكدایە بۆ كۆمیتەی كاروباری دەرەوەی پەرلەمانی دانیمارك بۆ هۆشیاركردنەوە و لۆبیكردن لەپێناوی لێكۆڵینەوە لە شوێنی ئەو ژنانە.
پێویستمان بەوەیە كە وڵاتان بە تەنیا و یەكێتی ئەوروپا و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان هەوڵی زیاتر بخەنەگەڕ بۆ دۆزینەوەی ئەو ژنە ئێزدییە رفێنراوانە". ئەكدۆكان هەروەها بە (بەهاری کورد)ی گوت ''ناتوانم وێنەی ئەو ژنانە بێنمە بەرچاوان كە ئێستا لە چ بارودۆخێكدا دەژین".
هەندێك لە وڵاتانی كەنداو و توركیا رەخنەی ئەوەیان لەسەرە كە لە وڵاتەكانیانەوە هاوكاری دارایی پێشكەش بە داعش دەكرێت یان ئەم وڵاتانە كۆششی پێویست ناكەن بۆ رێگرتن لە پەڕینەوەی ئەو توندڕەوانە لە توركیاوە بۆ ناو سووریا.
بە وتەی نیكۆلاس ڤیلومسێن، پەرلەمانتار لە پارتی چەپ، دەبێت دانیمارك فشار بخاتە سەر توركیا و وڵاتانی كەنداو لەسەر چارەنووسی ئەو ژنە بێ سەروشوێنانە ''پێویستە فشار بخەینە سەر ئەم وڵاتانە، تاوەكو یارمەتیمان بدەن لە دۆزینەوە و ئازادكردنی ئەو ژن و كچە ئێزدییانەی دەستدرێژییان كراوەتە سەر و فرۆشراون بە چەكدارانی داعش".
یەڵماز یڵدز، سەرۆكی كۆمەڵگەی كەلتووریی ئێزدی لە دانیمارك گوتی زۆربەی ئێزدییەكانی دانیمارك كە ژمارەیان 500 كەس دەبێت، خزم و كەسوكاریان لەلایەن داعشەوە رفێندراون. ئەوان خۆشحاڵ بوون بەوەی كە سیاسەتمەداران و پەرلەمانتارانی دانیماركی بە پەرۆشن بۆ یەكلاكردنەوەی چارەنووسی ئەو ژنە رفێندراوانە "زۆر خۆشحاڵین بەو بەیاننامەیەی سیاسەتمەدارە دانیماركییەكان. ئەوە پشتگیرییەكی ئەخلاقییە بۆ ئێمە". یەڵماز وایگوت.
هەر لەوبارەوە رەشیدە مانجۆی نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری توندوتیژی لەدژی ژنان گوتی "زۆر لەو كچە هەرزەكارانەی لەمانگی ئابی رابردووەوە لەلایەن داعشەوە رفێنراون، دەستدرێژییان كراوەتە سەر و هەندێكیان وەك كۆیلە فرۆشراون لەلایەن چەكدارانی داعشەوە.''
مانگی تشرینی دووەمی رابردوو 21  کورد كە زۆربەیان ژن بوون، توانیبوویان لە دەست چەكدارانی داعش هەڵبێن.
لیكیتۆف یەكەمین دانیماركییە كە لە مانگی ئەیلولی داهاتوو سەرۆكایەتی كۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان  لە سام كوتێسای ئۆگەندی وەردەگرێت.
شایەنی باسە بارزانی و بنەماڵەکەی بەهاوکاری سەرانی حیزبەکانی دەستوپێوەندی دەسەڵاتی بەزۆر سەپێنراوی بنەماڵەکەی تیرۆریستانی داعش و 13 گروپی تیرۆریستیان بەپاساوی دژایەتی مالیکی و بۆ دروستکردنی مەترسی ساختەی سەر ئاسایشی هەرێم و  دروستکردنی پاساو بۆ ئەمریکاو هاوپەیمانی بۆ دەستێوەردانە سوریاو عێراق و بەدەستهێنانی چەکی قورس هێناو موسڵ و شەنگالیان پێ فرۆشتن و لەبەرامبەر کڕینی نەوت لێیان زیاتر لە 5 هەزار کچ و ژن و هەزاران منداڵی کوردی ئێزدیان کردە دیاری تیرۆریستانی ئەو رێكخراوەو زۆربەی پیاوەكانیان بەسەربڕینداو هەزاران سەیارەو سەدان تەنکەر بەنزین و چەک و تەقەمەنییان بۆ دابین کردن و گەلەکۆمەی سەر کۆبانێ و رۆژئاوای کوردستانیان پێ ئەنجام دان

هیچ نظری موجود نیست: