۱۳۹۲ اردیبهشت ۲۴, سه‌شنبه

ژیاننامەی لەیلا قاسم لە یادی 39 ساڵەی لەسێدارەدانیدا

 

06:10:12/05/2013

وارڤین – هەولێر: ئەمڕۆ (39 ساڵ) بەسەر تاوانی لەسێدارەدانی یەكەم ژنە چالاكی سیاسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا (لەیلا قاسم) تێپەڕ دەبێت، (وارڤین) پوختەیەك لە ژیاننامەی بڵاو دەكاتەوە.

(لەیلا قاسم)، لە (27 / كانوونی دووەم – دیسەمبەر / 1950)، لە ئامێزی خێزانێكی كوردی فەیلیدا لە لە گوندی (بامیلی)ی سەر بە شارۆچكەی خانەقین چاوی بە دنیا هەڵهێناوە و باوكی كرێكاری كۆمپانیای نەوت بووە لە شارۆچكەی خانەقین.

ساڵی (1958) لە شارۆچكەی خانەقین چووەتە قوتابخانە و هەر لەوێدا تا ناوەندی تەواو كردووە بەردەوام بووە لە خوێندن. دوای خانەنشینكردنی باوكی ماڵیان گواستراوەتەوە بۆ شاری بەغدا. لەوێ وێڕای ئاستەنگەكانی بەردەم ژیانیان، دایك و باوكی هانیان داوە بگەڕێتەوە بەر خوێندن و ھەموو خوشك و براكانی لەیلا (سەبیحە، سەلام، سەفا، سەلاح) خەریكی خوێندن بوون. سەرباری خوێندن ھەریەكەیان بۆ بژێوی ژیانی خێزانەكەیان كاریان كردووە.

هاوكات لەگەڵ درێژەدان بە خوێندنی، لە رێگەی براگەورەكەیەوە كە دواتر ژیانی لە پێناو كورددا بەختكردووە، پەیوەندیكردووە بە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە.

دوای وەرگیرانی لە بەشی كۆمەڵناسی كۆلیژی ئادابی زانكۆی بەغدا لە ساڵی (1971) دەستیكردووە بە تێكۆشان لە پێناو بەدیهێنانی ئامانجی نەتەوەكەیدا و وەك ژنێكی كارا شانبەشانی پیاوان چالاكی سیاسی ئەنجامداوە و ژیانی هاوسەرگیریشی لەگەڵ پیاوێكی كرێكاری كورد بەناوی (جواد هەمەوەندی) پێكهێناوە، كە ئەویش لە رێگەی مافەكانی كورددا گیانی بەختكردووە.

(لەیلا)، كە ھەر لە تەمەنی منداڵییەوەی ھەژاری و نەداری چەشتبوو، لەلایەكیش ستەم و زۆرداری رژێمی عێراق لەسەر گەلی كورد، ئەوی خولیای ئازادی و گەیشتن بە مافەكانی گەلەكەی كردبوو.

(لەیلا قاسم) لە ناو قوتابییە كوردەكانی زانكۆی بەغدا رۆڵێكی كاریگەری ھەبووە لە وشیاركردنەوە و رێكخستنیان. لە كاتێكدا كە دەگوترا ژن ناتوانێت شانبەشانی پیاوان لە شار و لە شاخ و لە دێھاتەكاندا خەبات بكات، ئەو بە پێچەوانەوە شانبەشانی قوتابییە كوڕەكانی كورد خەباتێكی بەرفراوانتری بەڕێوەدەبرد و دژ بە نایەكسانی مافەكانی ژنان و پیاوان بوو، بەتایبەتیش كە بۆ خودی خۆی لە بواری كۆمەڵناسیدا دەیخوێند و لە راستییەكانی كۆمەڵگەی كورددا تێگەیشتبوو.

(لەیلا) لەگەڵ (جەواد)ی خۆشەویست و هاوسەریدا، لە سەرەتای ساڵی (1974) بەیەكەوە لێكۆڵینەوەیەكی زانستییان لەسەر كۆمەڵگەی كوردی ئەنجامدابوو و لە دەرفەتێك دەگەڕان كە بڵاوی بكەنەوە، بەڵام دەرفەتیان نەبوو بە چاپی بگەینن.

لە سەرەتای ساڵی (1974)دا، بۆ بڵاوكردنەوەی پەیامی ئازادیخوازانەی خۆی و داكۆكیكردن لە مافی ژنانی كورد و نەتەوەكەی، هەوڵیداوە لەگەڵ ژمارەیەك لە هەڤاڵەكانی بڵاوكراوەیەكی نهێنی دەربكات، ئەمە لە كاتێكدابووە كە بەهۆی شكستهێنانی رێككەوتننامەی ئازاری (1970) دۆزی كورد و شۆڕشەكەی رووی لە نسكۆ كردبووە.

هەرچەندە بیرۆكەكەی لە لایەن حزبەكەیەوە رەتكراوەتەوە، بەڵام ئەو سوور بووە لەسەر ئەوەی پەیامی درێژەدان بە شۆڕش بگەیەنێتە گوێی هەمووان.

لە (29 / نیسان – ئەپریل / 1974)، لە لایەن دەسەڵاتدارانی بەعسەوە خۆی و هاوسەرەكەی و هەریەك لە هاوڕێكانی (نەریمان فوئاد مەستی، حەسەن حەمەڕەشید و ئازاد سلێمان میران) دەستگیر دەكرێن.

دوای دەستگیركردنیان رژێم لە رێگەی شاشەی تەلەفزیۆنەوە هەواڵی دەستگیركردنیان بڵاو دەكاتەوە و رۆژنامەی (الصورە)ی زمانحاڵی رژێمی بەعسی دەسەڵاتدار و رادیۆ و تەلەڤزیۆنی نێوخۆیی عێراق، (لەیلا قاسم) و ھاوڕێكانی وەك تێكدەر و گێڕەشێوێن ناو دەبات، بەڵام لەگەڵ ھەموو ئازار و ئەشكەنجەیەكیشیان بچووكترین كردەوەشیان لەسەر ئاشكرا نەبوو لە دادگاییكردنێكی سەرپێیانەدا سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا دەسەپێنرێت.

لە بارەی سزاكەیەوە، لە وتە بەناوبانگەكەیدا (لەیلا) دەڵێ: "بە كوشتنی من ھەزاران كورد لە خەوی نەزانی وشیار دەبنەوە، زۆر خۆشحاڵ و سەربەرزم، كە گیانم فیدای رێی رزگاری كوردستاندا دەكەم".

رۆژی (12 / ئایار – مایۆ / 1974)، دوای تێپەڕینی كەمتر لە دوو هەفتە بەسەر دەستگیركردنیاندا، خۆی و هاوڕێكانی لەسێدارە دەدرێن.

لە سێدارەدانی (لەیلا قاسم) كاردانەوەیەكی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت و رەوەندی كورد لە وڵاتانی ئەوروپا چەندین خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی دەربڕین ئەنجام دەدەن.

(لەیلا قاسم)، یەكەم ژنە چالاكی سیاسییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرابێت و لەسێدارە درابێت.

بەر لە رۆژێك لە جێبەجێكردنی سزاكەی، لە رێگەی ژنێكی كوردەوە كە هاوسەری (عەبدولعەزیز پشتیوان) بووە، داوای دەستەیەك جلی كوردی كردبوو، بۆ ئەوەی بەو جلانەوە بچێتە ژێر پەتی سێدارە و دایكیشی بۆی ئامادەكردبوو.

كاتێك كاتژمێر حەوتی بەیانی (12/5) (لەیلا قاسم)، دەربرێت بۆ ژێر پەتی سێدارە، یەكێك لە سەربازەكانی بەعس حەربەی سەربازی سەر چەكەكەی لە چاوی چەپی نزیك دەكاتەوە و دەڵێت ئێستا كامیانت زۆرتر خۆش دەوێن، كوردستان یان چاووت، لە وەڵامدا (لەیلا قاسم) بە دەنگێكی بەرز هاوار دەكات كوردستان، بە پێی خۆی دەچێتە ژێر پەتەكە و دوای هەڵواسینی، پزیشكی سەرپەرشتیاری لەسێدارەدانەكە پشكنینی بۆ ئەنجامدەدات، دەبینێت هێشتا زیندووە، بۆ جاری دووەم جەستەی لە پەت هەڵدەواسرێتەوە و تاوەكو ژیان لەدەستدەدات بە پەتەكەوە دەهێڵدرێتەوە.

بە ماوەیەك دوای لەسێدارەدانی (لەیلا) ھەر لە بەغدا لەلایەن بەعسییەكانەوە (سەلام قاسم)ی برای (لەیلا) كوژرا. تاوانی (سەلام) تەنیا ئەوە بووە، كە وێنەی (لەیلا)ی خوشكی ناردبوو بۆ دەستەی قوتابیانی كورد لە دەرەوەی وڵات. دایك و باوكی (لەیلا)ش بە ھۆی لەدەستدانی دوو رۆڵەیان، ھەر زوو بە كۆست و خەمێكی گەورەوە سەریان ناوەتەوە و كۆچی دواییان كردووە.

هیچ نظری موجود نیست: