ته‌نگژه‌کانی به‌رده‌م کوردی سووریا پاش ئازاد کردنی کۆبانێ
به وته‌ی کارناسێکی پرسه‌کانی کورد، له ئێستادا و پاش ئازاد کردنی کۆبانێ کوردی سووریا دوو کێشه‌ی گرینگی له به‌رده‌مدایه واتا پێوه‌ند کردنی کۆبانێ به دیکه‌ی ناوچه کوردنشینه‌کانی سووریا و بونیاتنانه‌وه‌ی دووباره‌ی ئه‌م شاره.
به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس: شاری کۆبانێ پاش 5 مانگ به‌رخۆدانی بێ وێنه له به‌رانبه‌ر هێرشه قورسه‌کانی داعش، ڕۆژی دووشه‌ممه 6ی ڕێبه‌ندان/ 26ی جانیڤێری، له ده‌ستی ئه‌و گرووپه ڕزگار کرا.
کارناسان دوو هۆکار له ئازاد کردنی کۆبانێ به کاریگه‌ر ده‌زانن و له‌وان پشتیوانی ئاسمانی وڵاتانی هاوپه‌یمان له کورده‌کانی کۆبانێ و یارمه‌تی هێزی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی کوردستان و هه‌روه‌ها فه‌کته‌ری گرینگی ئه‌م سه‌رکه‌وتنه به وره و ئیراده‌ی جیددی کورده‌کان بۆ به‌رخۆدانی بێ وێنه و کۆڵنه‌دانیانه له به‌رانبه‌ر چه‌کدارانی داعش ڕاده‌گه‌یێنن.
ئه‌لیزا مارکووس نووسه‌ری کتێبی "خوێن و باوه‌ڕ" که له‌سه‌ر په‌که‌که نووسیویه‌تی به کریستیان ساینس مانیتۆر وتوویه‌تی: کوردی سووریا هه‌ر له سه‌ره‌تاوه وره‌یه‌کی جیددیان بوو بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش و به ڕاشکاوانه ڕایانگه‌یاند که ئاماده‌ن له‌پێناو پاراستنی کۆبانێ بمرن و ئه‌مه‌ش سه‌ره‌نجی ئه‌مه‌ریکای ڕاکێشا و ئه‌و وڵاته هه‌ستا به یارمه‌تی دانی کورده‌کان له کۆبانێ.
ناوبراو ڕه‌خنه‌شی گرت له کۆنفڕانسی له‌نده‌ن بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش به‌هۆی ئه‌وه‌ی کوردی سووریایان بانگهێشتی کۆنفڕانسه‌که نه‌کردووه و وتی: کوردی سووریا هێزی پله یه‌کن، بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش، ئه‌ی بۆچی ئه‌و هێزانه له به‌رچاو ناگرن؟ ده‌بێ ئه‌مه‌ریکا سیاسه‌تێکی نوێ بگرێته‌به‌ر و تێبگات که نابێت ته‌نیا پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ڕێبه‌ر و سه‌رکرده‌کانی وڵاتان ببه‌سترێت، به‌ڵکوو ده‌بێ له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزانه‌ش که له ناوخۆی وڵاته‌کان شه‌ڕی داعش ده‌که‌ن، پێوه‌ندی هه‌بێت.
به وته‌ی ئه‌لیزا مارکووس به ئازاد کردنی کۆبانێ کێشه‌کان کۆتایی پێنه‌هاتووه و کوردی سووریا له ئێستا دوو کێشه‌ی گرینگ‌یان له به‌رده‌مدایه واتا پێوه‌ند کردنی کۆبانێ به دیکه‌ی ناوچه کوردنشینه‌کانی سووریا و بونیاتنانه‌وه‌ی ئه‌و شاره که پاش 5 مانگ شه‌ڕی قورس ڕووخاوه.
زیادیشی کرد: هێزی کوردی سووریا بڕیاریان داوه سه‌رکه‌وتنه‌کانی خۆیان درێژه پێبده‌ن و پاشه‌کشێ به داعشه‌کان بکه‌ن، به‌ڵام بۆ ئه‌و ئامانجه پێویستیان به یارمه‌تی هێزی عه‌ره‌بی سووریایه.
به‌پێی نووسراوه‌که‌ی کریستیان ساینس مانیتۆر، بونیاتنانه‌وه و نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی کۆبانێ کارێکی زۆر دژواره، چونکه گه‌یشتنی که‌ره‌سته و یارمه‌تییه‌کان پێویستی به ئیزن و ڕه‌زامه‌ندی ئه‌نقه‌ره‌یه. ئه‌گه‌رچی تورکیا ڕێگه‌ی دا به چوونی ئاواره‌کانی کوردی سووریا بۆ وڵاته‌که‌ی و هه‌روه‌ها ڕێ دایه هێزی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی کوردستان له ڕێگای تورکیاوه بڕۆنه کۆبانێ، بۆ یارمه‌تی دانی هێزی کوردی کۆبانێ، به‌ڵام به‌وه‌شه‌وه به توندی دژ به دروست کردنی ناوچه‌یه‌کی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری کورد له باکووری سووریا ده‌وه‌ستێته‌وه.
کانی غوڵام به‌ڕێوه‌به‌ری تۆڕی هه‌واڵگری ئه‌مه‌ریکایی- کوردی به کریستیان ساینس مانیتۆری ڕاگه‌یاند: ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستای تورکیا، هه‌ڵوێستێکی دۆستانه‌یان نییه به‌رانبه‌ر به کوردی سووریا و هۆکاره‌که‌شی، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شێوازی ئایدۆلۆژیای کوردی سووریا.
زیادیشی کرد: بێگومان کوردی سووریا هه‌وڵیان داوه له‌پێناو دروست کردنی ناوچه‌یه‌کی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری کورد له باکووری سووریا، که هاوشێوه‌ی هه‌رێمی کوردستانی عێراق بێت، به‌ڵام کوردی سووریا گه‌لێک کێشه و ئاریشه‌ی قورسیان له به‌رده‌مدایه. کوردی عێراق سوودیان بینی له ڕاگه‌یاندنی ناوچه‌ی دژه‌فڕین له باکووری عێراق و پشتیوانی نێونه‌ته‌وه‌یی و دواتر له ڕێگای نه‌وته‌وه، توانیان پاڵپشتی تورکیا به ده‌ست بێنن.
لای خۆشیه‌وه کیل ساڵح توێژه‌ری میوان له ئه‌نجومه‌نی پێوه‌ندییه ده‌ره‌کییه‌کانی ئه‌ورووپا، ڕێنوێنی کوردی سووریا ده‌کات که ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێ له پێشڕه‌وییه سه‌ربازییه‌کانیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی که‌ڵک وه‌ربگرن، پێویسته ڕێبازی خۆیان له په‌که‌که جودا بکه‌نه‌وه. چونکه زۆربه‌ی به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریکا و تورکیا پارتی یه‌کێتی دیموکراتی کوردی سووریا PYD و باڵه سه‌ربازییه‌که‌ی ئه‌م پارته واتا YPG به لایه‌نێکی سه‌ر به په‌که‌که و به پشکۆیه‌کئ ئه‌و پارته داده‌نێن.
به بڕوای ئه‌لیزا مارکووس ئه‌مه‌ریکا بۆ یه‌که‌مین جار و له ڕێگای خستنه خواره‌وه‌ی چه‌ک و پشتیوانی ئاسمانی، به شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ هاوکاری PYDی کرد، به‌ڵام ده‌بێ PYD بۆ پاراستنی ئه‌م پێوه‌ندییه‌ی ئێستای له‌گه‌ڵ زلهێزه‌کان، ڕێبازه‌که‌ی خۆی جودا بکاته‌وه و نابێت چیتر به ده‌سته خۆشکی په‌که‌که دابنرێت.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر