رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی ھەینی ١٩ی ژووئەن کۆنفرانسێکی لە ژێر ناوی "ئازادی ژنانی شه نگال، ئازادیی مرۆڤایەتییە" بۆ ژنانی ئێزیدی ڕێکخست.
ئاسۆی رۆژھەڵات: بە پێی ھەواڵەکان، کۆنفرانسەکە لە بارەگای رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری ژنێڤی وڵاتی سویسڕا بەڕێوە چووە. ئاماژە بەوەشکراوە، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ھاوکاریی "دامەزراوەی ئاشتیی ژنان"، "نوێنەرایەتی بزووتنەوەی نێونەتەوەیی ژنانی کورد"، "بزووتنەوەی ژنانی کورد لە ئورووپا"، "ئەنجوومەنی ژنانی کوردی ئێزیدی - بێریڤان" و "فێمن سۆڵیدارێتی" کۆنفرانسەکەی بەڕێوە بردووە.
جانان پۆڵاد ئەندامی ئامادەکاری کۆنفرانسەکە و نوێنەری بزووتنەوەی ژنانی کورد لە ئوروپا وتویەتی "ئامانجی سەرەکیی کۆنفرانسەکە گەیاندنی دەنگی ئەو ژنە فڕیندراوە ئێزیدیانەیە بە کۆمەڵگای نێونەوەیی، کە لەلایەن تاوانکارەکانی داعشەوە فڕێندراون". جانان پۆڵاد ئەوەشی وتووە "داوا لە ھەموو ژنانی جیھان دەکەین پشتیوانی لە کەمپینی "ئازادی ژنانی شەنگال، ئازادیی مرۆڤایەتییە"، بکەن". جگە لەو ڕێکخراوانە بارابارا سپینلی نوێنەری دامەزراوەی نێونەتەوەیی مافە دیموکراتییەکانی ئیتالیاش بەشداریی لە کۆنفرانسەکەدا کردووە.
چەکدارەکانی داعش ڕۆژی سێ ئووتی ٢٠١٤ ھێرشیان کردە سەر ناوچەکانی شەنگال و دەورووبەری. ئەوەش بووە ھۆی کۆمەڵکوژکردنی زیاتر لە پێنج ھەزار ئێزیدی و فڕاندنی حەوت ھەزار ھاووڵاتیی ئێزیدی لەلایەن چەکدارەکای داعشەوە، کە زۆربەیان ژن بوون. سەرچاوەکانی ھەواڵ و ڕێکخراوەکانی بواری مافی مرۆڤ و ژنان بڵاویانکردبوە، چەکدارەکانی داعش ئازاری جەستەیی و دەروونیی ژنە فڕێندراوە ئێزیدییەکانیان داوە و ھەروەھا لە بازاڕەکاندا وەک سەبایا مامەڵەیان لەگەڵ کردوون و کڕێن و فرۆشتنیان پێوەکردوون.
ھەروەھا نزیکەی ٤٠٠ ھەزار شارۆمەندی ئێزدیدی بەھۆی ئەو پەلامارەی چەکدارەکانی داعشەوە ئاوارە بوون و ئەوەش بووە ھۆی کاردانەوەی نێونەتەوەیی و پەلامارەکەی داعش بە پەلامارێکی پاکتاوکارانەی رەگەزی و ئایینی لێکدراوەتەوە.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر